قالیباف: ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی گەمارۆی دەریاییەوە ئێران ناچاری تەسلیمبوون بکات
محەمەد رزگار
٦ی ئایاری ٢٠٢٦
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دەدات لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بە مەبەستی لاوازکردنی وڵاتەکەی و ناچارکردنیان بۆ تەسلیمبوون لە بەرانبەر فشارەکاندا.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی رووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین جەنگەکانی سەردەم بووەتەوە و هۆشداریش دەدات کە دوژمنان هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی یەکڕیزی ناوخۆیی ئێران دەدەن.
قالیباف لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە رێگەی فشارە ئابورییەکان و سەپاندنی "گەمارۆی دەریایی"، دەیانەوێت ئێران لە ناوەوە لاواز بکەن و بەرەو تەسلیمبوونی بەرن.
وتیشی: "نیشانەکانی ئەم فشارە لە هەنگاوە نوێیەکانی ئەمریکا لە گەروی هورمز و رێڕەوە ئاوییە هەستیارەکاندا بە رونی دەردەکەون."
سەبارەت بە رەوشی بژێوی و ئابوری، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاشکرایکرد، بەشێک لە قەیرانەکان پەیوەندییان بە کێشە کۆنەکانەوە هەیە، بەڵام بەشەکەی تری راستەوخۆ پەیوەستە بە بارودۆخی جەنگەکەوە.
قالیباف داوای لە حکومەت کرد، بە شەفافی پلانەکانی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ خەڵک ڕون بکاتەوە، هەروەها کار بکرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی فشارەکان لەسەر هاووڵاتییان.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، داوای لە خەڵکیش کرد لەم قۆناغەدا هاوکار بن و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی شتومەکدا نەکەن.
ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە دەریادا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و گەمارۆکانی سەر هەناردەی نەوتی ئێران فشاری زۆری بۆ سەر بازاڕە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە دروست کردووە.



