بەهۆی زیادبوونی فشارەکان و دەنگۆی گەمارۆدانی دەریایی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هێرش دەکاتە سەر راوێژکارانی واشنتۆن و هۆشداری لە گەیشتنی نرخی نەوت بۆ 140 دۆلار دەدات.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکی تونددا وەڵامی ئەو دەنگۆ و پێشنیازانە دەداتەوە کە باس لە گەمارۆدانی دەریایی و هێرشکردنە سەر بیرە نەوتەکانی ئێران دەکەن.

قالیباف بە شێوازێکی تەنزئامێز ئاماژەی بەوەکردووە، سێ رۆژ بەسەر هەڕەشەکاندا تێپەڕی و هیچ بیرە نەوتێک نەتەقییەوەتەوە.

وتیشی: "دەتوانین ئەو کاتە بۆ 30 رۆژ درێژ بکەینەوە و پەخشی راستەوخۆی بیرە نەوتەکانیش نیشان بدەین."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هێرشیکردە، سەر راوێژکارانی ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو جۆرە ئامۆژگارییە بێمانایانەی دەدرێنە واشنتۆن، نرخی نەوتیان گەیاندووەتە 120 دۆلار و لە وێستگەی داهاتووشدا نرخەکەی دەگاتە 140 دۆلار. جەختیشی کردەوە کە کێشەکە تەنها لە تیۆرییەکاندا نییە، بەڵکو لەو عەقڵییەتەدایە کە هاندەری گەمارۆدانی ئێرانە.