وەزارەتی دەرەوەی ئێران: سوپای ئێران لە ئامادەباشی تەواودایە
محەمەد رزگار
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦
تاران هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە بەرز دەنرخێنێت و ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی بۆ هەر ئەگەرێکی تر دووپات دەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، تاران بە رەسمی ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتی پاکستانی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی دەسپێشخەری جەنگی نەکردووە، بەڵکو هەنگاوەکانی لە چوارچێوەی مافی "بەرگری رەوا"دایە.
ئاماژەشکرد، ئێران هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە "ئەوپەڕی ئامادەباشی"دان بۆ بەرگریکردن لە گەلی ئێران بەرانبەر بە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی.
ئەم پەیامانەی تاران لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە نێوان واشنتۆن و تاراندا گەیشتوونەتە لوتکە.


