ترەمپ: دەتوانین لە ماوەیەکی کورتدا گەرووی هورمز بکەینەوە
محەمەد رزگار
٣ی نیسانی ٢٠٢٦
لە هەنگاوێکی تر بۆ کەمکردنەوەی پشێوییەکانی بازاڕی وزە، سەرۆکی ئەمریکا جەخت لە توانای وڵاتەکەی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ گەرووی هورمز دەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا، لە نوێترین پەیامیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشاڵ" رایگەیاند، ئەمریکا توانای ئەوەی هەیە لە ماوەیەکی کورتدا گەرووی هورمز بکاتەوە.
ترەمپ لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە: "بە کەمێک کاتی زیاتر، دەتوانین بە ئاسانی گەرووی هورمز بکەینەوە، نەوتەکە ببەین و سامانێکی گەورە بەدەستبهێنین."
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە فشارەکان بۆ سەر ئیدارەکەی زیادیان کردووە بۆ دۆزینەوەی کۆتاییەکی خێرا بۆ ئەو جەنگەی لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە.


