شەوی رابردوو چەند شارێكی هەرێمی كوردستان و عیراق كرانە ئامانج و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە زۆربەی ناوچەكان بیسترا.

لە درێژەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و لە چوارچێوەی هێرشە موشەكی و دۆرنییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و ئیسرائیل، شەوی رابردوو لە هەولێر بە درۆن هێرشكرایە سەر هۆتێلی ئەرجان رۆتانا هیچ زیانێكی ماددی لێنەكەوتەوە، لە سلێمانیش بنكەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناو فەرماندەیی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە كرایە ئامانج و تەنها زیان بەر كۆگایەك كەوتووە لەناو فەرماندەیی.

هەر لە درێژەی هێرشەكاندا، لە بەغداد هێرشكرایە سەر بنكەی ئاسمانی ڤیكتۆریا لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچی هێرشەكان درایەوە، بەپێی سەرچاوەكانیش بە درۆن هێرشكراوەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە، لە باشوری شاری موسڵیش دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە.

هەر شەوی رابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد لە پەیامێكدا رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە میلیشیاكانی نزیك لە ئێَران هێرش بكەنە سەر ئەو هۆتێلانەی ئەمریكی و بیانییان تێدایە، بۆئەو مەبەستەش داوا هاووڵاتیانی ئەمریكی كرد عیراق بە جێبهێڵن یان خۆیان بپارێزن، داواشی لە هاووڵاتیانی كرد بە رێگەی وشكانی خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئوردن و كوەیت و سعودیە و توركیا و عیراق بەجێبهێڵن.