سوپای ئیسرائیل: تەنها ئەمڕۆ 400 هێرشمان بۆسەر ئێران کردووە
ساکۆ
٦ی ئازاری ٢٠٢٦
سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی بۆسەر ئێران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بە ژمارەی هێرشەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەکات.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، تەنها ئەمڕۆ 400 هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران ئەنجامداوە و کۆمەڵێک پێگە و سەکۆی موشەکییان بە ئامانج گرتووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، وادەی کۆتاییهێنان بە شەڕەکەیان لەگەڵ ئێراندا، نە ساڵانێکی زۆر دەخایەنێت و نە لە هەفتەیەکیشدا کۆتایی پێدەهێنرێت، بەڵکو پلانێکی چەند هەفتەییان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە داناوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، حەوت رۆژ بەسەر شەڕ و ململانێکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا تێدەپەڕێت و عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی بۆسەر ئۆفیس و ماڵەکەی، گیانی لەدەستدا. هاوکات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕەکەوە رایگەیاند، تەنها کاتێک کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنن ئەگەر ئێران بەبێ مەرج خۆی رادەست بکات.



