سەردار شکارچی: تاران سوورە لەسەر بەچۆکداهێنانی ئیسرائیل و ئەمریکا و هیچ پاشەکشەیەک ناکەین
٤ی ئازاری ٢٠٢٦
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە لوبنان، ئەوا تەواوی باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە سەرتاسەری جیهاندا دەکەنە ئامانج و لەناویانی دەبەن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، سەردار ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل کردووە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە وڵاتی لوبنان و رایگەیاندووە کە ئیسرائیل دەریخستووە هیچ سنوورێک بۆ کارەکانی ناناسێت، بەڵام تاران تا ئێستا بەهۆی رەچاوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە دانیبەخۆیدا گرتووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لە ئەمریکا و ئیسرائیل، هیچ کێشە و دوژمنایەتییەکی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهاندا نییە و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن بەڕێوەدەبات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، شکارچی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر ئیسرائیل دەست بۆ تاوانێکی لەو شێوەیە ببات و باڵیۆزخانەکەیان لە لوبنان بکاتە ئامانج، ئەوا ئێرانیش ناچار دەبێت سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە سەرتاسەری جیهاندا وەک ئامانجی رەوا سەیر بکات و بە دڵنیاییەوە کاری هاوشێوە دەکەن.
لە کۆتاییشدا وتەبێژەکەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دووپاتیکردووەتەوە کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکای پاڵپشتیکاری بە چۆکدا بهێنێت و لەم رێگەیەشدا بە هیچ شێوەیەک پاشەکشێ ناکەن.



