نوێترین لێدوانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئێران
راهۆز
٣ی ئازاری ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی توندی کردە سەر ئێران و بە دەوڵەتێکی شەیتانی ناوی برد، هاوکات ئاشکرای کرد کە تاران هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو.
لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە جەنگی دژی ئێران، ترەمپ رایگەیاند کە رژێمی ئێران دەوڵەتێکی شەیتانییە و 35 هەزار هاووڵاتیی خۆی کوشتووە.
هەروەها ئاشکرای کرد کە ئێران هێرشی کردووەتە سەر دراوسێکانی و هەریەک لە قەتەر، ئیمارات، عەرەبستانی سعوودیە و تەنانەت سوڵتاننشینی عومانیشی کردووەتە ئامانج کە پێشتر هاوکارییان دەکرد. سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەشی، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا مەحاڵە ئەگەر رێگە بە ئێران بدرێت بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ رەخنەی توندی لە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا گرت و وتی: ئۆباما دوو فڕۆکەی پڕ لە پارەی کاشی بۆ ئێران نارد. هەروەها وتیشی کە ئەگەر ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئۆبامای لەگەڵ ئێران هەڵنەوەشاندایەتەوە، ئەوا سێ ساڵ پێش ئێستا ئێران دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و دووپاتیشی کردەوە کە ئەگەر ئێرانییەکان چەکی ئەتۆمییان هەبووایە، بێگومان بەکاریان دەهێنا.



