كەمپ و بنكەكانی حزبی دیموكرات لە كۆیە بە چڕی بۆردومانكران
٣ی ئازاری ٢٠٢٦
بەیانی ئەمڕۆ كەمپ و بنكەكانی حزبی دیموكرات لە كۆیە بە چڕی بۆردومانكران، كەمێك لەمەوبەریش دوو درۆن بە ئاسمانی حاجی ئۆمەراندا تێپەڕین.
پەیامنێری كوردسات نیوز باسی لەوەكرد، بەیانی ئەمڕۆ بە چڕی كەمپ و بنكەكانی حزبی دیموكرات لە كۆیە بۆردوومانكران، شەوی رابردووش زۆرترین هێرش لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كراوەتە سەر بنكە و پێگەكانی ئەمریكا لە هەولێر و بەپێی زانیارییەكانیش زۆربەی ئەو هێرشانە لە سنوری موسڵەوە بووە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، شەوی رابردوو بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرش كراوەتە سەر هۆتێل خانزاد لە رێگای پیرمام و باس لەوەدەكرێت بیانووی هێرشەكە مانەوەی چەند ئەندامێكی هێزەكانی ئەمریكا بووە لەو هۆتێلە.
وتیشی، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا نزیكەی 100 هێرش بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كراوەتە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و فڕۆكەخانەی هەریر و كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، بەڵام تەنها یەك هێرشیان ئامانجەكەی پێكاوە و سەرجەم هێرشەكانی تر لەرێگەی سیستمی بەرگرییەوە پوچەڵكراونەتەوە.باسی لەوەشكرد، لەكاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكاندا پارچەی فڕۆكەكان لە چەند ناوچەیەكی هەولێر كەوتوونەتە خوارەوە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆش، پەیامنێری كوردسات رایگەیاند، دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە ئاسمانی حاجی ئۆمەراندا تێپەڕیوون.
هاوکات لەلایەکی ترەوە، درۆنێک لە قەزای بەحرکەی هەولێر کەوتەخوارەوە.



