ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد کە ئۆپەراسیۆنی هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک دواخراوە بەهۆی هۆکاری کەشوهەوا و پێدانی دوایین دەرفەت بە رێککەوتنی دیپلۆماسی.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، واشنتۆن و تەلئەبیب پلانیان هەبوو هەفتەیەک پێشتر هێرش بکەنە سەر ئێران، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و پێویستیی هەماهەنگیی سەربازیی زیاترەوە، هێرشەکە دواخرا.

راپۆرتەکە دەڵێت ئەم دواخستنە کاتی زیاتری بە دۆناڵد ترەمپ دا بۆ ئەوەی بڕیار لە نێوان بژاردەی سەربازی و دیپلۆماسیدا بدات، و دوایین دەرفەت بە گفتوگۆکانی جنێڤ بدات. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و سەرکردە باڵاکانی تر بوون لە کاتی کۆبوونەوەی هەفتانەیاندا لە رۆژی شەممە.

بەرپرسێکی هەواڵگریی ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنەکە بۆ ئەوە بووە کە هەستێکی وایان پێ بدەن کە هێرشەکە نزیک نییە، تاوەکو دڵنیایی بدەنە سەرکردەکان و خامنەیی نەچێتە ناو پەناگە و ژێرزەمینەکانەوە.

هاوتەریب لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکان، نێردراوەکانی ئەمریکا (جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف) لە جنێڤ پێشنیازێکی کۆتاییان خستە بەردەم تاران بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 10 ساڵ لە بەرامبەر پێدانی سووتەمەنیی ئەتۆمیی بێبەرامبەر بۆ مەبەستی مەدەنی. بەڵام دوای ئەوەی تاران پێشنیازەکەی رەتکردەوە، ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشە سەربازییەکە هەڵکرد کە لەو کاتەدا تەواوی هێزەکان لە ئامادەباشیی تەواودا بوون.