چۆنێتی کردنە ئامانجی عەلی خامنەیی ئاشکرا دەکرێت
بڵند
١ی ئازاری ٢٠٢٦
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رێک لەو کاتەدا ئەنجامدراون، کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لەگەڵ بازنەی نزیک و راوێژکارە باڵاکانی لە کۆبوونەوەدا بووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دڵنیابوونەوەی هەواڵگری لە شوێن و کاتی ئەو کۆبوونەوەیە، هۆکاری سەرەکیی دەستپێکردنی هێرشەکان بووە لەو ساتەدا، بە ئامانجی دروستکردنی جۆرێک لە شۆکی گەورە لە رێگەی بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی خامنەیی و تیمەکەی.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز بڕیاربووە کۆبوونەوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە ئەنجام بدرێت، بەڵام کاتەکەی پێشخراوە بۆ بەیانیەکەی.
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، کە بەردەوام چاودێری جووڵەکانی رێبەری ئێرانیان کردووە، هەر لە بەیانی ڕۆژی شەممەوە بە گۆڕانکارییەکە و ئەنجامدانی دیدارەکە لەگەڵ کەسە نزیکەکانیاندا زانیووە، هەر ئەمەش وایکردووە پلانی هێرشەکە خێرا بکرێت و پێش بخرێت بۆ ئەوەی رێک لە کاتی کۆبوونەوەکەدا لێدانەکە ئەنجام بدرێت.



