بەیانی رۆژی شەممە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بە هەواڵێکی بەپەلە و شۆکهێنەر دەستی پێکرد، کاتێک وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، دەستپێکردنی هێرشێکی سەربازیی هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا بۆ سەر قوڵایی خاکی ئێران راگەیاند.

پاش کەمێک، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە تاران و دەوروبەری بیسترا، ئەمەش وایکرد بەرپرسانی فڕۆکەوانی ئاسمانی ئێران و عیراق بۆ پاراستنی گیانی سەرنشینان، هەموو گەشتە ئاسمانییەکان رابگرن و ئاسمان بەڕووی هاتوچۆدا دابخەن

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئۆپراسیۆنەکەی بە هەنگاوێکی گەورە بۆ "سەقامگیری" وەسف کرد، تاران بێدەنگ نەبوو؛ سوپای پاسداران بە چەندین موشەکی بالیستی پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لە ناوچەکە کردە ئامانج.

مەودای گرژییەکان تەنها لەناو خاکی ئێراندا نەمایەوە، بەڵکو هێرشەکان گەیشتنە بەحرەین، ئیمارات، سعودیە و شاری هەولێر، هاوکات تاران بە رەسمی داخستنی گەرووی هورمزی راگەیاند، کە گرنگترین رێڕەوی وزەیە لە جیهاندا.

میدیا جیهانییەکانیش ئاماژەیان بەوەکرد، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرایلدا بۆسەر ئێران، زیاتر لە 40 بەرپرسی ئێران کوژراون  وخودی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد هێرشيکان چوار رۆژ دەخایەنێت.

هەرچەندە لە سەعاتەکانی یەکەمدا میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لە ئەگەری کوژرانی بەرپرسە باڵاکان دەکرد و میدیاکانی ئێرانیش بە توندی رەتیان دەکردەوە، بەڵام دواجار لە کاتژمێر 4:30بەرەبەیاندا، تاران هەواڵە چاوەڕواننەکراوەکەی پشتڕاستکردەوە و بە رەسمی راگەیەندرا، کە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ کچەکەی و زاوایەکی لە ئەنجامی هێرشەکاندا هەر بەرەبەیان کوژراون.

 ئەم راگەیاندنە بووە هۆی دروستبوونی شۆک لە ناوخۆی ئێران  وسوپای پاسداران هەڕەشەی "تۆڵەیەکی وێرانکەر"ی کرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ خەمساردانە  لە لێدوانێکی رایگەیاند،کە "نەمانی ئەم بەربەستانە" دەرفەتێکی نوێیە بۆ رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە ململانێکان، ئەمڕۆ ئاسانتر لە دوێنێ دەتوانین لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن.