ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عیراق ، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە.
لە میانی دیدارەکەدا، گفتوگۆ سەبارەت بە رێگەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هاندانی ئەو دەستپێشخەرییانە کرا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست دەکەن.
سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پەرۆشی عیراق بۆ بنیاتنانی شەراکەتی هاوسەنگ کردەوە کە لەسەر بنەمای ڕێزی دوو لایەنە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بێت.
هەروەها پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کران، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بە هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری ناوچەیی و بەهێزکردنی دیالۆگی بنیاتنەرانە لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا.
لەلای خۆیەوە، جۆشوا هاریس خۆشحاڵی خۆی بە نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەی لە عیراق دەربڕی، و جەختی لەسەر پەرۆشی خۆی بۆ کاری هاوبەش بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکاری لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.