سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كۆبونەوە و جەختیان لە گرنگیی چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی كردەوە.

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار پێشوازیكرد لە فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.

لە دیدارەكەدا باس لە دواین پێشهاتەكان كرا و جەخت لە گرنگیی چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە وڵات كرایەوە.

سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە پێویستیی پاڵپشتیكردنی دامەزراوە نیشتمانییەكان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوانیان بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەكانی ئێستا، بەجۆرێك كە ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاسایش و بەدیهێنانی خواستی عیراقییەكان بۆ سەقامگیری و گەشەپێدان.

هەر لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار پابەندبوونی خۆی بە پاڵپشتیكردنی ئەو هەوڵانە دوپاتكردەوە كە ئامانجیان پتەوكردنی یەكڕیزیی نیشتمانییە. لەبەرامبەردا فالح فەیاز ستایشی هەڵوێست و پشتیوانیی سەرۆك كۆماری كرد بۆ دامەزراوە ئەمنییەكان.