سەرۆک کۆماری عیراق، پیرۆزبایی 104 ساڵەی دامەزراندنی پۆلسی عیراق دەکات و دەڵێت؛  ئەو دامەزراوە قەڵغانی بەهێزی عیراق بووە و هەرواش دەمێنێتەوە، ئەوان مێژووی قوربانیدان و قارەمانێتییان بە خوێنی خۆیان نوسیوە.

ئەمڕۆ هەینی،  د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی 104 ساڵە دامەزراندنی پۆلیسی عیراقەوە پەامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە  و ئاماژەی بەوەکردوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی پاڵەوانەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ئەفسەران و کارمەندان دەکەن، بەبۆنەی 104هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پۆلیسی عیراقەوە.

د.لەتیف رەشید وتوشیەتی؛ ئەم یادە مێژویەکی پڕ لە قوربانیدان و قارەمانێتی بەرجەستە دەکات، کە بە خوێنی پاکی ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیسی عیراق نووسراوە ،  کە رووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە و پیلانەکانی تێکدانی ئاسایشی وڵات پووچەڵ دەکەنەوە.

سەرۆک کۆمار جەختیشیکردوەتەوە کە پۆلیسی وڵاتەکەمان ئەو چاوە وریایانەن، کە هەرگیز ناخەون و دەستە متمانەپێکراوەکانن کە سەروەری یاسا دەپارێزن و سەقامگیری بۆ هەر بستێکی خاکی عیراق مسۆگەر دەکەن.

لە کۆتایدا سەرۆک کۆمار پشتیوانی تەواوی بۆ وەزارەتی ناوخۆ دووپاتکردوەتەوە  لە بەردەوامبوون لە بنیاتنانی تواناکانی و پەرەپێدانی دامەزراوە ئەمنییەکانی و پەرەپێدانی پیشەیی و دیسیپلین و چەسپاندنی سەروەری یاسا بە شێوەیەک کە ویستی گەلی عیراق بەدیبهێنێت.