سەرۆکایەتیی کۆمار بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن د. لەتیف رەشید بە 90 ملیۆن دینار خانەنشین کرابێت و سوپاسنامەی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردبێت.

لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی کۆمار ئاشکرایکردووە، لە هەندێک پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیا هەواڵێکی "نادروست" بڵاوکراوەتەوە گوایە سەرۆک کۆمار سوپاسنامەی بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە لەبەرامبەر خانەنشینکردنی بە بڕی 90 ملیۆن دیناری مانگانە.

سەرۆکایەتیی کۆمار جەخت دەکاتەوە، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە، نە هیچ نووسراوێکی رەسمی دەرچووە و نە هیچ پەیوەندی و کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەوبارەیەوە ئەنجام دراوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەمە بەشێکە لە پیلانی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و ناوزڕاندن کە لەلایەن ترسنۆک و گەندەڵکارانەوە دەکرێت بە مەرامی زیانگەیاندن بە سەرۆک کۆمار و دامەزراوەکانی دەوڵەت".

سەرۆکایەتیی کۆمار هۆشداریش دەدات لە مەترسیی بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە و رایدەگەیەنێت، مافی یاسایی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە هەڵبەستنی ئەو جۆرە هەواڵە بێ بنەمایانە.