د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازل میرانی.
 
له میانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی له گرنگی چڕکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوه بۆ خێراکردنی تەواوکردنی ڕێوشوێنەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەپێی مافە دەستوورییەکان و کاتی دیاریکراو و هاوکاریکردن له پتەوکردنی سەقامگیری سیاسی و بەدیهێنانی ئاواتەکانی عیراقییەکان.
 
هەر لەکۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە لەڕێگەی دیالۆگی بنیاتنەر و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و بەپێی دەستوور و یاسا و بەشێوەیەک کە پرەنسیپەکانی شەراکەتی نیشتمانی ڕاستەقینە پتەو بکات
لای خۆیەوە فازل میرانی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هاوکاری و کاری هاوبەش لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و هاوئاهەنگ کە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان مسۆگەر بکات و گیانی هاوبەشی نیشتمانی بەهێز بکات.ا