د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی بەغداد، گفتوگۆی دوولایەنەی لەگەڵ ئاسف عەلی زەرداری سەرۆک کۆماری پاکستان ئەنجامدا، کە بە سەردانێکی رەسمی و بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای حکومی گەیشتووەتە عیراق.

لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی کرا، هەروەها جەختکرایەوە لە سەر پێویستی هەماهەنگیکردنی هەڵوێستەکان بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پاڵپشتیکردن و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و کارکردن بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان.

دواتر، گفتوگۆی فراوان لە نێوان وەفدی هەردوو وڵات بەڕێوەچوو؛ سەرۆک کۆمار سەرۆکایەتی لایەنی عیراقی کرد کە پێکهاتبوو لە د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵای دەوڵەت.

 لە بەرانبەردا، ئاسف عەلی زەرداری سەرۆکایەتی لایەنی پاکستانی کرد کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و لێپرسراوان و باڵیۆزی پاکستانی لە عیراق لەخۆگرتبوو.

 سەرۆک کۆمار جەختی لە پەرۆشی عیراق کردەوە بۆ پشتگیریکردنی هاریکاریە هاوبەشەکان لە بوارەکانی رۆشنبیری و زانستیدا، ئاماژەی بەو رۆڵەش کرد کە دەکرێت "دەستەخوشکی" نێوان زانکۆکان بیگێڕێت لە فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و بونیادنانی شەراکەت لە نێوان دامەزراوە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکانی هەردوو وڵاتدا.

هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان کرد، بەتایبەتی لە بواری پەیوەندی دەریایی، کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر جوڵەی بازرگانی و دەرفەتە وەبەرهێنانە هاوبەشەکان دەبێت، جەختیشی لە گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری کردەوە بۆ برەودان بە گەشتوگوزاری ئایینی و ئاسانکاری بۆ هاتنی زیارەتکارانی پاکستان بۆ عیراق.

هەردوولا تاوتوێی بەهێزکردنی هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی پاکستانیان کرد لە بوارەکانی پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی و مەشقپێکردنی فڕۆکەوانان، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری و ئەمنی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات کرا و جەخت لەسەر گرنگی تەواوکردنی رێکارەکانی ئیمزاکردن و چالاککردنیان کرایەوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە لایەنی وەبەرهێنان، جگە لە پشتگیریکردنی بەرنامەکانی مەشق و راهێنانی خوێندکارانی عیراقی لە کۆلێژ و پەیمانگا سەربازییەکانی پاکستان لە هەموو جۆرە جیاوازەکاندا، بەجۆرێک کە بەشداربێت لە بونیادنانی تواناکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی نێوان هەردوولا.

لە بەرانبەردا، ئاسف عەلی زەرداری سەرۆک کۆماری پاکستان، پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان دووپاتکردەوە و ستایشی قووڵایی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد، هەروەها ئامادەیی پاکستانی نیشان دا بۆ فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری دوولایەنە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست بکات.