د.لەتیف رەشیدی سەرۆک کۆمار، پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان کرد بەبۆنەی هاتنی جەژنی رۆژووەوە، هاوکات  ئاماژەی بە قووڵیی رەگ و ریشەی مێژوویی و رەسەنایەتی پێکهاتەی ئێزیدی لە عیراقدا کردوە، جەختیکردوەتەوە لە پێویستیی گەڕاندنەوەی مافەکانیان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان بەرانبەریان و کارکردن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێنراوان و بێسەروشوێنبووان. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆک کۆمار لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوتەوە و تێیدا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هاوڵاتییە ئێزدییەکانی عیراق و جیهان دەکات  بەبۆنەی هاتنی جەژنی رۆژووەوە، هیواشی خواستوە جەژنێک بێت کە لە ماناکانیدا هیوا و ئاشتی هەڵگرتبێت، بەرجەستەی ئەو بەها رۆحییانە بکات کە ئەم رۆژووە پیرۆزە بانگەشەی بۆ دەکات.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم بۆنە ئاینییە  جەخت لە قووڵیی رەگ و ریشەی مێژوویی و کولتووریی پێکهاتەی رەسەنی ئێزیدی دەکاتەوە و ئەوان پێکهاتەیەکی چەسپاوی عیراقن، هەروەها داوای كرد هەوڵەكان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، قەرەبووكردنەوەی قوربانییان و سزادانی تاوانباران چڕتر بكرێنەوە.

د. لەتیف رەشید، جەختیکردوەتەوە لەسەر پێویستیی گەڕاندنەوەی مافەکانیان و بەدەستهێنانی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان و کارکردن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێنراوان و بێسەروشوێنبووانی ئێزیدی..