سەرۆک کۆمار دوای زنجیرەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ پوتن و سەرکردەکانی ناوچەکە گەڕایەوە بەغداد
راهۆز
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ شەممە 13ی کانونی یەکەم، دوای بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی "ئاشتی و متمانە" و ئەنجامدانی ژمارەیەک دیدار لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان، لە تورکمانستانەوە گەڕایەوە بەغداد.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆمار، لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ ئیشق ئاباد بە مەبەستی بەشداریکردن لە یادی 30 ساڵەی بێلایەنی تورکمانستان، د. لەتیف رەشید زنجیرەیەک دیداری رەسمی ئەنجامداوە، دیارترینیان کۆبوونەوە بووە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا، مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا.
لە کۆبوونەوەکاندا، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی دەستپێکردنەوەی دیالۆگ و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە هەماهەنگی بەردەوامی نێوان وڵاتان زۆر گرنگە بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، هاوکات رەتکردنەوەی توندی عیراقی بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەک یان پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی دووپات کردووەتەوە.
سەرۆک کۆمار لە وتارێکدا لەبەردەم ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە رایگەیاند: "عيراق دوای چەندین ساڵ لە گۆشەگیری، ئێستا ڕۆڵی سەرەکی خۆی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەگێڕێت و هەوڵدەدات پەیوەندییەکی هاوسەنگ و کاریگەر لەگەڵ دراوسێکانی دروست بکات، لەسەر بنەماکانی ئاشتی و رەتکردنەوەی جەنگ".
هەر لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، د. لەتیف رەشید لەگەڵ هەریەک لە سەردار بەردی موحەمەدۆڤ سەرۆکی تورکمانستان و سەرۆکانی ئەرمینیا، کازاخستان، قیرغیزستان و ئۆزبەکستان کۆبووەوە و پەرەسەندنەکانی دۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەییان تاوتوێ کرد.



