سەرۆکی تورکمانستان پێشوازی لە سەرۆک کۆماری عیراق کرد
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە شاری عیشق ئاباد پایتەختی تورکمانستان، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەلایەن سەردار بردی محەمەدۆڤ سەرۆک کۆماری تورکمانستان پێشوازی لێکرا، ئەمەش لە چوارچێوەی سەردانە رەسمییەکی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و متمانە.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست کرا، هەروەها جەخت لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان کرایەوە لە بوارە جیاوازەکاندا، بەجۆرێک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات، هەروەها کۆمەڵێک پرسی هاوبەش و ئەو دۆسیانەی کە جێگەی بایەخی هەردوولابوون تاوتوێ کران.



