سەرۆکایەتیی کۆمار: پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نیشتمانی و ئەخلاقییە
راهۆز
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆکایەتیی کۆمار لە ساڵیادی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، عیراق شانازی بەوەوە دەکات کە لە ریزی ئەو وڵاتانەدا بووە پشتیوانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ کە لە ساڵی 1948 پەسەندکرا، قۆناغێکی مێژوویی بوو بۆ چەسپاندنی بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری، عیراقیش پابەندبوونی خۆی بەو بنەما و مافانە دووپات دەکاتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆمار ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستوری عیراق بەشێکی تایبەتی بۆ ماف و ئازادییەکان تەرخانکردووە و جەخت لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا، رێزگرتن لە فرەیی و پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵان دەکاتەوە وەک پایەیەکی بنەڕەتی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ تەنها ئەرکێکی یاسایی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نیشتمانی و ئەخلاقیی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەیە، بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی ئارام بۆ سەرجەم هاووڵاتیان.



