سەرۆکایەتیی کۆمار: پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان وەڵامی بانگەوازی نیشتمانیان دایەوە
راهۆز
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆکایەتیی کۆمار لە ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی داعشدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەخت لە پێویستیی یەکڕیزی و چەسپاندنی ئاسایش دەکاتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆمار لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعشدا، بە ئەوپەڕی رێزەوە لە قوربانیدانی گەل و هێزە چەکدارەکان، سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبی، پێشمەرگە و رۆڵەی هۆزەکان دەڕوانن کە وەڵامی بانگەوازی نیشتمان و فەتوای مەرجەعیەتیان دایەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو هێزانە توانییان ئازادی و شکۆمەندی بۆ وڵات بگەڕێننەوە و رزگاری بکەن لە دەست دڕندانەترین و تاریکترین هێرشی تیرۆریستی.
سەرۆکایەتیی کۆمار جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها پوچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئارامی هاووڵاتیان و بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار سڵاوی بۆ گیانی شەهیدانی عیراق ناردووە کە لەپێناو نیشتماندا گیانیان بەخشی و دەڵێت: "یادەوەرییان بۆ هەمیشە لە دڵی عیراقییەکاندا دەمێنێتەوە".



