سەرۆک کۆمار پێشوازی لە وەفدی رێکخراوی گەلانی جیهانی کرد
٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە وەفدی رێکخراوی گەلانی جیهانی، بەسەرۆکایەتی ئەمینداری گشتی، ئەندرێ بێلیانینۆڤ.
لەمیانی دیدارەکەدا کۆمەڵێک دەستپێشخەری نێودەوڵەتی بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ لەنێوان گەلان و چەسپاندنی بەهاکانی ئاشتی و هاریکاری تاوتوێ کرا، بەتایبەتی ئەگەری ئەنجامدانی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی گەلان (لوتکەی نێودەوڵەتی گەلان) لەعیراق بەهاوکاری رێکخراوی گەلانی جیهانی و سەرۆک کۆمار پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکە کرد و روونیکردەوە کەمیراتی شارستانی و پێگەی رۆشنبیریی عیراق دەیکاتە هاوبەشێکی گرنگ و ژینگەیەکی گونجاو بۆ میوانداریکردنی بۆنە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی بنیاتنانی داهاتوویەک لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و گەشەپێدان.
سەرۆک کۆمار هەروەها ئاماژەی بەپابەندبوون و رۆڵی عیراق کرد لە بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە لە میانی گۆڕانکارییە خێراکانی جیهانی و گرنگی دانانی بناغەکانی گفتوگۆی بنیاتنەر لە نێوان گەلاندا.
لەلای خۆیەوە ئەندرێ بێلیانینۆڤ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و هیوای خواست د. لەتیف رەشید قایل بێت بەکردنەوەی لوتکەی نێودەوڵەتی گەلان و سەرۆکایەتیکردنی لیژنەی رێکخەری فەخری، کە بڕیارە مانگی نیسانی داهاتوو لە بەغداد بەڕێوەبچێت.











