د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە محەمەد کازم ئال سادق، باڵوێزی کۆماری ئێران لە عیراق کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، باڵێوزی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی برای خوالێخۆشبووی د. لەتیف رەشید، شەماڵ رەشید، سەرەخۆشی لە سەرۆک کۆمار کرد و لە خودای مەزن پاڕایەوە کە بەڕەحمەتی خۆی لێی خۆشبێت و سەبوری خانەوادەکەیشی بداتەوە.

هەروەها باسیان لەچونیەتی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرد ، سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و کۆماری ئیسلامی ئێران و درێژەدان بەڕاوێژ و هەماهەنگی لەبارەی پرسە جێ بایەخە  هاوبەشەکان کردەوە، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی خواستەکانی هەردوو وڵات لەپێشکەوتن و خۆشگوزەرانی کە ببێتە بنەمایەک بۆ سەقامگیری و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ عیراق دووپاتکردەوە، هەتا بوارە جۆراوجۆرەکان بگرێتەوە وخزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دراوسێی بکات.