سەرۆک کۆمار پێشوازی لەباڵیۆزی بەریتانیا کرد
١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە عیراق.
لەمیانی دیدارەکەدا باسیان لەهاریکاری دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی لەبوارە جیاجیاکاندا کرد، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عیراق و شانشینی یەکگرتوو و پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا کردەوە.
لەلای خۆیەوە باڵیۆز عیرفان سدیق، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و ئاماژەیکرد بە شانازیکردنی شانشینی یەکگرتوو بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان و بەردەوامیدان بەهەماهەنگی لەبارەی پرسە جێی بایەخە هاوبەشەکانی هەردوولا دەربڕی.




