د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا ، باڵیۆزی ئیتالیا لە عیراق کرد.

لەمیانی دیدارەکەدا باسیان لەچۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکاری هاوبەشی نێوان عیراق و ئیتالیا لەبوارە جیاجیاکاندا کرد و سەرۆک کۆمار جەختی لە بەهێزی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێویستی بەرزکردنەوەیانی کردەوە بۆ ئەوەی بوارەکانی سیاسی، ئابوری، تەکنەلۆژی و کولتووری بگرێتەوە.

لەلای خۆیەوە باڵیۆز فۆنتانا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێی هاوکاری دوولایەنە بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دۆست بکەن.

هەر لەدیدارەکەدا چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەشی هەردوولا، لە ناوچەکە و جیهان خرایەڕوو.