د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە رەیان کلدانی سکرتێری گشتی بزوتنەوەی بابلیون،  لە دیدارەکەدا باسیان لە دوایین پێشهاتی سیاسیی وڵات و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و قۆناغەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، د.لەتیف رەشید لە بەغدا  پێشوازیکرد لە رەیان کلدانی، لەسەرەتای دیدارەکەدا سکرتێری گشتی بزوتنەوەی بابلیون سەرەخۆشی گەیاند بە سەرۆک کۆمار بۆ کۆچی دوایی شەماڵ جەمال رەشیدی برای.

 لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە دوایین پێشهاتی سیاسیی وڵات و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە و قۆناغەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کرا.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی بەهێزکردنی سەقامگیری سیاسی و پاراستنی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکان و پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای ڕروبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستای هەبێت و بە شێوەیەکی کاریگەر پێداویستییەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جێبەجێ بکات.

لای خۆیەوە رەیان کلدانی پابەندبوونی بزووتنەوەکەی بە بەشداری کارا لە پڕۆسەی سیاسی و پەسەندکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی پڕۆسەی سیاسی و چارەسەرکردنی مەسەلە نیشتمانییەکان دووپاتکردەوە.