د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، لە بەغداد پێشوازی لە هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگە کرد و  گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ژینگەی وڵاتە کرا، سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی خێرا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیسبوون و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست و سەلامەت بۆ هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەغداد سەرۆک کۆمار پێشوازی لە هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگە کرد لە بەغداد و لە سەرەتای دیدارەکەشدا  وەزیری ژینگە پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی سەرۆک کۆمار کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک (شەماڵ جەمال ڕەشید)ـی برایەوە.

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ژینگەی وڵات کرا و سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی خێرا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیسبوون و بەرزکردنەوەی کارایی هەوڵە چاودێرییەکان، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست و سەلامەت بۆ هاووڵاتییان.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردنی پلانەکانی وەزارەتی ژینگە لە چاودێریکردنی سەرچاوەکانی پیسبوون و دەردراوەکان، و چڕکردنەوەی هەماهەنگی لە نێوان لایەن و دامەزراوە حکومییەکاندا بۆ دڵنیابوون لە بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستە بە کردەیی.

لە لای خۆیەوە، وەزیر ئەو هەوڵانەی خستەڕوو کە وەزارەت دەیدات بۆ چارەسەرکردنی پیسبوون و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی، و پابەندبوونی وەزارەتیشی دووپاتکردەوە بە جێبەجێکردنی ئەو پلان و پڕۆژانەی ئامانجیان پاراستنی ژینگە و پەرەپێدانی هۆشیاریی ژینگەییە، هەروەها ستایشی پشتیوانی و گرنگیدانی سەرۆک کۆماری کرد بەم دۆسیە گرنگ و زیندووە.