سەرۆک کۆمار: سلێمانی شایستەی ئەوەیە بایەخی زیاتری پێبدرێت
راهۆز
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
لەیادی 241 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا، دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سلێمانی بەدرێژایی مێژوو سیمبولی خەبات و تێکۆشان بووە و شایستەی ئەوەیە لە خێر و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت.
سەرۆک کۆمار لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمساڵ سلێمانی یادی 241 ساڵەی بونیادنانی دەکاتەوە، کە لەسەردەستی بابانەکان و لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابان لە ساڵی 1784 دامەزرا و لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ئەمرۆ پێشەنگ بووە لە کاروانی پێشکەوتنی شارە گەورە و گرنگەکانی عیراق و تەنانەت ناوچەکەشدا."
راشیگەیاندووە، سلێمانی بووەتە نمونەیەک لە جوانییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و بەدرێژایی مێژوو سیمبولی خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە نیشتمان بووە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆمار دەڵێت: "سلێمانی پێشەنگ بووە لە بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداریی رژێمە ستەمکارەکانی عیراق و هەمیشە دەیویست ئازاد و سەربەست بژی."
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، لەپێناو بەدەستهێنانی مافی رەوای گەلی کورد و بەهێزکردنی دۆستایەتی لەگەڵ گەلی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە، سەرکردەکانی کورد وەک شێخ مەحمودی حەفید خەباتیان کردووە.
دکتۆر لەتیف رەشید جەختیکردووەتەوە، "ئەم شارە زیندووەی نیشتمان لە بونیادنانی عیراقێکی دیموکراتی ئازادی فیدراڵدا رۆڵێکی بەهێزی گێڕا، هەربۆیە شایستەی ئەوەیە لە خێر و خۆشی و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت و کاربکرێت بۆئەوەی جوانتر بێت."
لە کۆتاییدا رایگەیاندووە، "ئێمە لە سەرۆکایەتیی کۆمار هەمیشە هەوڵمانداوە بۆ خزمەتکردنی هەموو پارێزگا و شارەکانی نیشتمان، دەمانەوێت خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و پێشکەوتنی شارەکانی وڵات لە باشترین ئاستدا بێت."



