سەرۆك كۆماری عیراق پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردن ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەكات
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامێكدا پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە هاووڵاتیان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكات.
د.لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامەكەیدا دەڵێت، سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن پابەندبوونی گەلی عیراق بە بژاردەی ئاشتییانە دووپاتدەكاتەوە بۆ داڕشتنەوەی حكومڕانیی.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگیرێت و بە رۆحی نیشتمانپەروەریی و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی باڵا، كار بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتێك بكرێت كە رەنگدانەوەی ئیرادەی راستەقینەی هاووڵاتییان بێت و كاربكات بۆ دابینكردنی پێداویستی و داواكارییەكانیان لە ژیانێكی شایستە و ئارام و سەقامگیردا.
سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیامەكەیدا، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرجەم ئەو لایەنانەش كردووە كە بەشدارییانكردووە لە رێكخستن و سەرخستنی هەڵبژاردن، هیوای سەركەوتنیش بۆ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنەكەدا دەخوازێت.



