د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە ژمارەیەک  لە چاودێرانی نێودەوڵەتی  تایبەت بەچاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، بەسەرۆکایەتی خاتوو  تامالا لۆنگبێرگەر و شاندی یاوەری، کە ژمارەیەک کەسایەتی دیار و پسپۆرانی نوێنەرایەتی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا و بەرپرسانی پەیوەندیدار بەکاروباری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و لە میانی دیدارەکەدا جەختیان لە بەڕیوەجونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و شەفاف کرد، بە جۆرێک لە ئاستی چاوەڕوانی هەموو لایەکدا بێت

لە میانی دیدارەکەدا، کە  شارەزایانی سیاسی و یاسایی و هەڵبژاردن و نوێنەرانی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی تایبەتمەند بەپشتگیریکردنی پرۆسەکانی هەڵبژاردن وگەشەپێدانی دیموکراسی لەخۆگرتبوو، باسیان لەرێگاکانی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان ئۆرگان و دامەزراوە عیراقییەکان و هاوتا نێودەوڵەتییەکانیان کرد کە پەیوەندییان بە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەوە هەیە، لەگەڵ چۆنیەتی پاڵپشتیکردنی پراکتیزەکردنی دیموکراسیەت و بەرەوپێشبردنی کلتووری بەشداریکردن و دەستەبەرکردنی بەرزترین ستانداردەکانی بێگەردی و شەفافیەت لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا. 

سەرۆک کۆمار پابەندبوونی عیراقی بەدابینکردنی هەموو پێداویستییە پێویستەکان بۆ گەرەنتیکردنی بێگەردی و شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپاتکردەوە، بۆ ئەوەی چاودێرانی نێودەوڵەتی بتوانن بەئازادی و سەربەخۆ ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن، هاوکات ڕۆڵی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی لەپاڵپشتیکردنی پرۆسەی دیموکراسی وبەهێزکردنی متمانە بە هەڵبژاردنەکانی بەرز نرخاند و بەپەرەپێدانی متمانەی نیشتمانیی ناوبرد، کەڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلە.

سەرۆک کۆمار روونیکردەوە، ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەی عیراق ئەمڕۆ پێوەی بەهرەمەندە، بەرهەمی هەوڵە نیشتمانییە هاوئاهەنگەکان و ئیرادەی جەماوەرییە، هەروەها نوێنەرایەتی و دەستپێکی بنەڕەتییە بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەمەلایەنە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سەقامگیرییە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەبووە، یارمەتیدەر بووە لەدروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ پێشخستنی کەرتی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، هاوکات بەشداری کردووە لەچەسپاندنی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی عیراق و ڕۆڵی کارای عیراق لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا هەبووە، هەروەها ئاسۆی فراوانی بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دۆست و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبوارەکانی گەشەپێدان و چاکسازی دامەزراوەیی کردۆتەوە.

لەلای خۆیانەوە ئەندامانی شاندەکە، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و پەرۆشیان بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەکانیان وهاوکات پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ کارکردن بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن، بە شێوەیەک کە هاوکاربێت لە سەرکەوتنی ئەم بۆنە گرنگە نیشتمانییە.