لە میانی وتارێکیدا بەبۆنەی بەرێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، د. لەتیف رەشید رایگەیاند؛ بەشداری کاریگەر و بەرفراوان لەهەڵبژاردنەکاندا تاکە رێگەیە بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان و چارەسەرکردنی لایەنە نێگەتیڤەکان و پەرەپێدانی سیستمی سیاسی.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی نوێ و گرنگ وەستاون، لەسەر رێگای بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەوتن، گەلی عیراق سەلماندویەتی کە شایستەی درێژەدانن بە دەستکەوتە شارستانییەکان و مۆدێلی دێموکراسیان لە پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا پێشکەش کردووە.

 لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە هەڵبژاردن ماف و ئەرکێکی نیشتمانییە و ئەوان لە سەرۆکایەتی کۆمار کاریان کردووە بۆ پشتیوانیکردنی هەموو لایەنەکانی بەشدار لە جێبەجێکردنی مافەکانی هەڵبژاردن.

هەروەها داواشیکرد لە هەموو دەنگدەران کە واقیعبینانە و راستگۆیانە بیر لە کاندیدەکان بکەنەوە بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی عیراق.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا، سەرۆک کۆمار دوپاتیکردەوە کار دەکەن بۆ پشتیوانیکردن له پەرلەمانی عیراقی دهاتوو بۆ دەرکردنی یاسای گرنگ که مادەکانی دەستوور چالاک بکات بۆ تەواوکردنی بنیاتنانی دەستووری دەوڵەت.

ئەمەش لە کاتێکدایە بریارە سبەینێ کاتژمێر حەوت دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە هەرێم وعیراق بەرێوەبچێت و زیاتر لە 20 ملیۆن و 63 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

 

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆمارە

"بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

گەلی عیراقی خۆشەویست

 خوشک و برایانی هاووڵاتیانم

سڵاوتان لێبێت و ڕەحمەت و بەرەکەتی خواتان لەسەر بێت.

ئەمڕۆ لەسەر دەروازەی قۆناغێکی نوێ و گرنگین لە ڕێگامان بۆ دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان لە وڵاتەکەماندا، لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە ، بۆ ئەوەی پابەندبوونی خۆمان بە ژیانی سیاسی دەستووری و دیموکراسی و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات دووپات بکەینەوە.

گەلەکەمان سەلماندوویەتی کە شایستەی بەردەوامیدانە لە دەستکەوتە شارستانییەکانی و نموونەیەکی دیموکراسی پێشکەش کردووە لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە و ئاراستە جیاوازەکانی لەگەڵ پاراستنی مافی جیاوازی و ناڕەزایەتی و ئازادی ڕا دەربڕین.

بەشدارییەکی کارا و بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا تاکە ڕێگامانە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و چارەسەرکردنی لایەنە نەرێنییەکان و پەرەپێدانی سیستەمی سیاسیمان و ڕێگریکردن لە دیکتاتۆرییەت و تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا و دەنگدانی بەرفراوانی گەل و ڕێزگرتن لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ڕێڕەوی دەستووریی پرۆسەی دیموکراسی گەورەترین بەڵگەیە لەسەر خواستی گەلەکەمان بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و ئازادی.

 گەلی خۆشەویستمان

دەبێت هەمیشە ئەو قوربانییە گەورانەمان بیر بێت کە پێشکەشمان کردوون بۆ دامەزراندن و پاراستنی سیستەمی دیموکراسی بەتایبەتی شەهیدان و بریندارانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بە جۆرەها دەزگا و دامەزراوەکانیانەوە هەروەها قوربانییانی مەدەنی لە کردەوە تیرۆریستییەکاندا تاوەکو توانیمان بەسەر تیرۆردا سەربکەوین و شکۆی بشکێنین و لە توندڕەوی و بانگەشەکارانی ڕزگارمان بێت کە بوونەتە نامۆ و دابڕاو.

هەڵبژاردن ماف و ئەرکێکی نیشتمانییەو ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆمار کارمان کردووە لەسەر پشتگیریکردنی هەموو لایەنە بەشداربووەکان لە جێبەجێکردنی شایستەیی هەڵبژاردن و سوور بووین لەسەر هەوڵدان بۆ دڵنیابوون لە کەشوهەوایەکی پێشبڕکێکارانەی بێگەرد و دادپەروەر.

داوا لە هەموو دەنگدەران دەکەین کە بە واقیعی و ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە سەیری پرۆسەکە بکەن لە کاتێکدا کاندیدەکانی ئەندامێتی پەرلەمان هەڵدەبژێرن کە چاودێری پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی دەبن.

کار دەکەین بۆ پشتگیریکردنی پەرلەمانی داهاتوو بۆ دەرکردنی یاسا گرنگەکان ،بەتایبەتی ئەو یاسایانەی کە ماددە دەستوورییەکان کارا دەکەن بۆ تەواوکردنی بنیادنانی دامەزراوەیی دەوڵەت و پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی نوێی بەهێز و کارا بۆ وەڵامدانەوەی ئاواتەکانی هاووڵاتیان لە ئاسایش و دادپەری کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی ئابووری و دابینکردنی هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی یەکێتی و سەربەخۆیی و سەروەری عێراق و بنیادنانی پەیوەندییەکی جێگیر و دەستووری لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزراوە و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی جیهان.

هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی نوێنەرایەتی کارا و پێکهێنانی حکومەتێکی سەرکەوتوو و سوپاسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەین بۆ هەوڵەکانیان لە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی هەڵبژاردن.

 هەروەها ستایشی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانمان دەکەین، بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە، و هەموو لایەنە پشتیوانەکان لە سەرکەوتنی ئەم شایستە نیشتمانییەدا.

خودا عێراق و گەلەکەی بپارێزێت