سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی تاجیکستان کۆبووەوە و رایگەیاند، هاوکاری لەگەڵ تاجیکستان لە بواری ئەمنی و هەواڵگریدا هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بنیاتنانی تۆڕێکی هەواڵگری کە بەشداربێت لە سەقامگیری ناوچەکە.

د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە یوسف رەحمان ئەحمەدزاد، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆماری تاجیکستان و وەفدی یاوەری کرد، بە ئامادەبوونی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەلعەرەجی، لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار لە رێگەی وەفدەکەوە سڵاوی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی تاجیکستان کرد.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە، کە عیراق هەوڵدەدات شارەزایی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکاتە بنەمایەکی هاوکاری لە بواری بەرنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاسایش، گەشەپێدان لە ناوچەکە هەروەها روونیشیکردەوە، هاوکاری لەگەڵ تاجیکستان لە بواری ئەمنی و هەواڵگریدا هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بنیاتنانی تۆڕێکی هەواڵگری کە بەشداربێت لە سەقامگیری ناوچەکە بۆ رووبەڕووی ئاستەنگەکان.

هەروەها تاوتوێی پرسی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی تاجیک لە کامپی ئەلهۆل و رادەستکردنیان بە دەسەڵاتدارانی تاجیکستان و پێویستی کارکردنی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەماهەنگی هەوڵە مرۆیی و ئەمنییەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ئازاری ئەو خێزانانەی لە کەمپەکەدا دەژین.

لەلای خۆیەوە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی تاجیکستان سڵاوی سەرۆک ئیمام عەلی رەحمان و بانگهێشتەکەی بۆ سەردانی تاجیکستان گەیاندە سەرۆک کۆمار و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ رۆڵی سەرەکی عیراق لە پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ناوچەکە دەربڕی و جەختی لەسەر خواستی تاجیکستان کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکاری دوولایەنە لەبوارەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاری ئەمنی و هەماهەنگی هاوبەش.