سەرۆکایەتی کۆماری: داوا لە دەنگدەرانی عیراق و تەواوی هێزە ئەمنییەکان دەکەین بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و بە ئازادانە دەنگ بدەن
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
سەرۆکایەتی کۆمار بەبۆنەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە؛ ئەمڕۆ گەل و وڵاتمان لەبەردەم دەسکەوتێکی گەورەی نیشتمانیدا وەستاون، داوا لە دەنگدەرانی عیراق و تەواوی هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە چالاکانە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و بە ئازادی و دادپەروەرانە دەنگ بدەن .
دەقی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار:
گەل و وڵاتمان ئەمڕۆ لەبەردەم دەسکەوتێکی گەورەی نیشتمانیدا وەستاون، قۆناغێکی نوێ و گرنگ بەرەو بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان، لەڕێگەی سازکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە. ئەمەش پابەندبوونمان بە پرەنسیپی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات بە پێی ڕێکارە دەستووری و دیموکراسیەکان لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە دووپات دەکاتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە داوا لە دەنگدەرانی عێراق و تەواوی هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە چالاکانە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و بە ئازادی و دادپەروەرانە دەنگ بدەن لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بەمەش بەشداری دەکەن لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات.
بەشداری کارا و فراوان تاکە ڕێگای ئێمەیە بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و پەرەپێدانی سیستەمی سیاسیمان، دواجار دەبێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی نوێ و بەهێز و بەتوانا کە ڕەنگدانەوەی ویستی هاوڵاتیان بێت و پێداویستیەکانیان دابین بکات و یەکڕیزی و سەربەخۆیی و سەروەری عێراق بپارێزێت و پەیوەندییەکی دەستووری لەسەر بنەمای هاوکاری نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تر بنیات بنێت.
هەروەها نابێ ئەو قوربانییە بێئەندازەی گەلەکەمان و هێزە ئەمنییەکانمان- سوپا، پۆلیس، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی- لە پێناوی شکۆی وڵاتەکەیاندا، و ئەو شەهیدانەش لەبیر بکەین کە گیانیان لە پێناو ئەم دۆزە بەرزەدا بەخشی: بەرەو عێراقێکی ئازاد و بەهێز و سەربەخۆ کە گەلەکەی چێژ لە خۆشگوزەرانی ببینێت.
سەرۆکایەتی کۆمار
٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥



