د. لەتیف رەشید چاویکەوت بە ئاسف عەلی زەرداری سەرۆکی پاکستان
راهۆز
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ سێشەممە، لە پەراوێزی دووەمین لووتکەی جیهانیی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ ئاسف عەلی زەرداری، سەرۆک کۆماری پاکستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە وەفدی یاوەری هەردوولاشیان ئامادەیبوون، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، رێگاکانی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان تاوتوێکران.
سەرۆک کۆمار لەتیف رەشید، جەختی لە پەرۆشیی عیراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ پاکستان کردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەماهەنگی لەسەر پرسە هاوبەشەکان بکرێت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە، سەرۆکی پاکستان خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاریی دوولایەنە و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان دووپاتکردەوە و ستایشی رۆڵی گرنگی عیراقی کرد لە پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا.
سەرۆک کۆمار، د. لەتیف رەشید داوای کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکان بۆ سەر غەززە کرد و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی خواست بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی خۆراک و هاوکاریی پزیشکی بە گەلی فەلەستین.
هاوکات، سەرۆک کۆمار هەڵوێستی نەگۆڕی پاکستانی لە پشتیوانیکردنی دۆزی فەلەستین و مافە رەواکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بەرز نرخاند.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی زمانی دیالۆگ کردەوە، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
هەروەها، هەردوو سەرۆک بیروڕایان لەبارەی بابەتەکانی کارنامەی لووتکەی جیهانیی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ئاڵوگۆڕکرد و تەئکیدیان لەوە کردەوە کە بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە یارمەتیدەر بن بۆ پاڵپشتیی کێشەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهان.








