سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد
محەمەد رزگار
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەفدی هاوڕێی.
لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بە ئامادەبوونی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە بەڕێوەچوو ، پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان و بابەتەکانی جێی بەرژەوەندی هاوبەش تاوتوێ کرا ، هاوکات باس لە پێشهاتی هەرێمیی و هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە کرا.
سەرۆک کۆمار پابەندبوونی عیراقی بە سیاسەتی کراوەیی و بنیاتنانی هاوبەشی و پاراستنی پەیوەندی باشی دراوسێیەتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دووپاتکردەوە، جەختیکردەوە لەسەر نەگۆڕی سیاسەتی نیشتمانی لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و کاری لە پێشینە کە بەرژەوەندیی هاوبەش بپارێزێت.
سەرۆک کۆمار داوای گرتنەبەری سیاسەتێکی دادپەروەرانەی کرد سەبارەت بە پشکی ئاو کە مافی عیراق لە رووبارەکانی دیجلە و فورات دەستەبەر بکات، لەسەر بنەمای باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بۆ کەمکردنەوەی پاشەڕۆ و هەڵرژانی بەردەوامی ئاو.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی لەگەڵ عیراق و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ هاریکاری لە بوارە جیاجیاکاندا دووپات کردەوە و داوایکرد دەرفەتەکانی هاریکاری فراوان بکرێن لە نێوان هەردوو وڵات بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەش بکات.








