ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2025، ژمارەیەک باڵیۆزی نوێی عیراق لە رێوڕەسمێکی رەسمیدا کە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، لە بەردەم  د.لەتیف رەشیدی سەرۆک کۆمار و بە ئامادەبوونی د. فوئاد حسێن،  وەزیری دەرەوە، بۆ دەستبەکاربوون سوێندی یاساییان خوارد. 

لەمیانی رێوڕەسمەکەدا سەرۆک کۆمار هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزە نوێیەکان خواست لەئەرکەکانی داهاتوویان بۆ خزمەتکردنی وڵات و گەلەکەیان و جەختیشی لەگرنگی ئەو رۆڵەی باڵیۆزەکان لە نوێنەرایەتیکردن و پتەوکردنی پێگەی نێودەوڵەتی عیراق کردەوە.

سەرۆک کۆمار داواشی کرد بە هەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتی و پیشەییەوە کار بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی وڵات و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گەلانی دراوسێ و دۆستدا بکەن.

هەروەها پابەندبوونی عیراقی بۆ بەردەوامبوون لەپەرەپێدانی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانی بکات و بەشداربێت لەدامەزراندنی بناغەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا کردەوە.

 هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتی دەرەوەی عیراق لەسەر بنەماکانی رێزگرتنی یەکتر و هاوکاریی بنیاتنەر و کراوەیی بەڕووی ناوچەکە و جیهاندا، بەگوێرەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دامەزراوە.

لەلای خۆیانەوە باڵیۆزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ رێنماییەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی و جەختیان لەهەوڵەکانیان کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کاری دیپلۆماسی عیراق لەگۆڕەپانی نێودەوڵەتی و تەرخانکردنی رۆڵی چالاکانەی لە پرسە نێودەوڵەتییە جیاوازەکاندا.