سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی فەلەستین دەکات
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە عەممانی پایتەختی ئوردن پێشوازی لە مەحمود عەباس سەرۆک دەسەڵاتی فەلەستین کرد، لە میانەی دیدارەکەدا پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات و گەلی برا تاوتوێ کرا، هاوکات جەختیانکردەوە لەسەر بەردەوامیی کاری هاوبەش بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا.
سەرۆک کۆمار، هەڵوێستی پتەوی عیراقی لەبارەی کێشەی فەلەستین و پشتیوانی تەواویان لە مافە رەواکانی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دووپاتکردەوە و ئاماژەیکرد بەوەی لە کەرتی غەززە و ناوچەکانی دیکەدا گەلی فەلەستین رووبەڕووی بوونەتەوە، بە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دادەنرێت.
د.لەتیف رەشید جەختیکردەوە، لەسەر پێویستی هاریکاریی نێودەوڵەتیی جددی لەسەر ئاستە جیاجیاکان بۆ گەیاندنی کۆمەک و فریاگوزاری بۆ گەلی فەلەستین دوای ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایەی کە رووبەڕووی بوونەوە، هەروەها کارکردن بۆ دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی و خۆراکی پێویست.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لەسەر پێویستی گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتیی لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو دەستدرێژییانە.
لای خۆیەوە مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ پاڵپشتی عیراق لەسەر ئاستی گەل و ئاستی رەسمی بۆ گەلی فەلەستین و دۆزی دادپەروەرانەیان و جەختیکردەوە لە پەیوەندیی پتەوی نێوان هەردوو وڵات و گەل.
دیدارەکە بەئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و پسپۆڕان لە سەرۆکایەتی کۆمار، د. عەلی شوکری، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک کۆمار، گوهدار محەمەد سەعید و باڵیۆزی کۆماری عیراق لە شانشینی ئوردن، عومەر بەرزنجی، لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوانی فەلەستین بەڕێوەچوو.



