سەرۆک کۆمار خواستی عیراقی  بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی مێژووی و برایانەی لەگەڵ وڵاتی ئوردن دوپات کردەوە، لە کۆبونەوەکەیاندا، بەردەوامبوون لە کاری هاوبەش بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا و بەشداریکردن لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا تاوتوێکران. 

لەلای خۆیەوە شا عەبدوڵڵای دووەم بەخێرهاتنی سەرۆک کۆمار و شاندی یاوەری کرد و ستایشی پەیوەندی قووڵی نێوان عیراق و ئوردنی کرد و جەختی لە گرنگی بنیاتنانی هاریکاری لەبوارەکانی وزە، بازرگانی، گواستنەوە، و ئابووری کەبەدەستهاتوون کردەوە، بەمەش هاریکاری نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر دەکات.

لەدیدارەکەدا باس لەڕێگاکانی فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانەکان و پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەشی گواستنەوەی کارەبا و ئاسانکاری بازرگانی و گواستنەوەی کاڵاکان لە نێوان هەردوو وڵات و هاندانی کۆمپانیا ئوردنی و عیراقییەکان بۆ وەبەرهێنان لەپڕۆژە هاوبەشەکان کە بەشدارن لەڕەخساندنی هەلی کار و گەشەی ئابووری بەردەوام دەکەن.

هەروەها باس لە پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە و جیهان کرا، هەردوولا جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی راوێژ و هەماهەنگی عەرەبی کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان، دیارترینیان قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی بەردەم ناوچەکە، هەروەها کارکردن بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتیانە بۆ ئەم قەیرانانە بە شێوەیەک کە گەرەنتی سەروەری و ئاسایشی خاکی دەوڵەتان بکات.

سەبارەت بە پرسی فەلەستین، هەردوو سەرکردە هەڵوێستی پتەوی عیراق و ئوردنیان دووپاتکردەوە لەپشتیوانیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین، و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان، هاوکات جەختیان لەگرنگی کەمکردنەوەی پەرەسەندن و پاراستنی خەڵکی سیڤیل و پێویستی هەستانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕۆڵی خۆیان کردەوە ، بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان .

هەروەها لەدیدارەکەدا باس لەڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاوکاری هاوبەشی ئەمنی و سەربازی کرا، بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان، جەختیش لەگرنگی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری هەواڵگری و بەردەوامی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و ئوردن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵات کرایەوە.

 لەکۆتاییدا، سەرۆک کۆمار و  شا عەبدوڵڵای دووەم، جەختیان لە پێویستی بەردەوامی پەیوەندی و ڕاوێژکاری نێوان هەردوولا کردەوە، بە شێوەیەک کە یەک هەڵوێستی عەرەبی پتەوتر بکات و بەشداری بکات لە پشتیوانیکردنی ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، وخزمەت بەبەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە لەڕووی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانەوە بکات.

پاشان کۆبوونەوەیەکی فراوانکراو بەسەرۆکایەتی سەرۆک کۆمار، د.لەتیف رەشید و  شا عەبدوڵڵای دووەم، بەئامادەبوونی ئەندامانی شاندی عیراق و ئوردن بەڕێوەچوو و رێوشوێنەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی هاریکاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی برا، تاوتوێ کران، هەروەها جەخت لەسەر هەماهەنگی هاوبەش لەسەر پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش کرایەوە.

لە دیدارەکەدا لە لایەنی عیراقی سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و پسپۆڕان لە سەرۆکایەتی کۆمار، دکتۆر عەلی شوکری، بەڕێوەبەری نووسینگەی  سەرۆک کۆمار، گوهدار محەمەد سەعید و باڵیۆزی کۆماری عیراق لە شانشینی ئوردن، عومەر بەرزنجی، ئامادەبوون.

لەلایەنی ئوردنیشەوە، هەریەک لەجێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و تاراوگەکان، بەڕێز ئەیمەن ئەلسەفدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی شا عەبدوڵڵا، ئەندازیار عەلا بەتاینە و وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەڕێز یەعروب قەزات، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی و ئوردنی.