د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی لە عەبدولسادە فریجی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی کرد و جەختی لەسەر گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە کردەوە.

لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی سەرتاسەری و دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ ئەوەی رێگە خۆش بکات بۆ بەشدارییکردنی فراوانی جەماوەری و ئاماژەی بەوەشکرد، پاراستنی ئاشتی مەدەنی و بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ، بناغەی سەرکەوتنی پرۆژە نیشتمانییەکانن، کە دیارترینیان هەڵبژاردنە.

هاوکات سەرۆک کۆمار جەختیشیکردەوە کە سەقامگیری وڵات بەرپرسیارێتییەکی کۆدەنگیە کە پێویستی بە هاوکاریی دڵسۆزانە لە نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان هەیە.

لای خۆیەوە فریجی پاڵپشتی هاوپەیمانییەکەی بۆ هەوڵەکان دووپاتکردەوە، کە ئامانجیان دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و چەسپاندنی سەقامگیری سیاسییە لە رێگەی چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزە جیاوازە نیشتمانییەکاندایە.