د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دکتۆرە حەنان بەلخی ، کە جەمیلە راعبی، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عیراق یاوەری بوو.

لە دیدارەکەدا کە دکتۆر ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی رەوشی تەندروستی لە عیراق و هەوڵەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ پێشخستنی کرا.

 سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پەرۆشی عیراق بۆپتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوە جیهانییەکە کرد، بە شێوەیەک کە ئاستێکی تەندروستی نایاب بۆ هاووڵاتیان دابین بکات.

سەرۆک جەختی لە گرنگیی پشتگیریکردنی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ هەوڵەکانی عیراق لە دروستکردنی نەخۆشخانە و سەنتەرە پزیشکییە تایبەتمەندەکان لە بوارە جیاجیا پزیشکییەکاندا کردەوە، هەروەها فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری دوولایەنە لە راهێنان و بەتواناکردنی کادرە پزیشکییە عیراقییەکان لە رێگەی سازدانی وۆرکشۆپ و خولە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە.

لەلای خۆیەوە، دکتۆرە حەنان بەلخی جەختی لە پەرۆشی ڕێکخراوەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق کردەوە، بە شێوەیەک کە بنەماکانی هاوکاری دوولایەنەی بنیاتنەر بچەسپێنێت و بە ئەرێنی لەسەر گەشەپێدانی کەرتی تەندروستی بە گشتی رەنگ بداتەوە.