سەرۆک کۆمار کۆمەڵێک کتێب و سەرچاوەی گرنگ پێشکەش بە زانکۆکانی سەلاحەدین و هەڵەبجە دەکات
محەمەد رزگار
٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە چوارچێوەی پاڵپشتییەکانی بۆ پێشکەوتنی ئەکادیمیای وڵات، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، کۆمەڵێک کتێب و سەرچاوەی زانستی و کەلتووری و مێژوویی و کۆمەڵایەتی بە دیاری بۆ زانکۆکانی سەلاحەدین و هەڵەبجە بەخشی.
محەممەد ئەمین فارس نوێنەری سەرۆک کۆمار کۆمەڵێک کتێبی بە زانکۆی سەلاحەدین لە پارێزگای هەولێر پێشکەشکرد و سڵاوی سەرۆک کۆماری بە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکە گەیاند و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن لە کارە ئەکادیمییەکانیاندا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عیزەدین مەجید نوێنەری سەرۆک کۆمار ئەو کتێبانەی کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دابینکرابون بە زانکۆی هەڵەبجە بەخشرا و پاڵپشتی سەرۆک کۆماری بۆ دووپاتکردنەوە کە بواری زانستی و رۆشنبیری لە وڵاتدا بەرەوپێش دەبات.
لە بەرانبەردا سەرۆکی هەردوو زانکۆ و ستافی مامۆستایان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ دیاریەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی و جەختیانکردەوە، کە گرنگیدانی سەرۆک کۆمار بە پێشکەوتنی ئەکادیمی وڵات بریتیە لە چەسپاندنی بناغەکانی هۆشیاری و ڕۆشنبیریی لە نێو نەوەی داهاتوودا.




