د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی رەوشی ئەمنی وڵات و هەوڵە بەردەوامەکان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشتیوانیکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان کرا.

سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی دەستکەوتەکانی شەڕی دژی چەتە تیرۆریستییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی هاووڵاتیان.

لەلای خۆیەوە، فەیاز پێداچوونەوەیەکی بە هەوڵ و ئەرکەکانی حەشدی شەعبی لەم قۆناغەدا کرد، جەختی لە پابەندبوونی دەستەکە بە پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا کردەوە.