د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی 9ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لەدکتۆر ساڵح ئەلحەسناوی وەزیری تەندروستی عیراق کرد.


لەمیانەی دیدارەکەدا رەوشی کەرتی تەندروستی و رێگەکانی باشترکردنیان تاوتوێ کرا، سەرۆک کۆمار جەختی لەپێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی وەزارەت کردەوە کە پێشکەشی هاووڵاتیانی دەکات و ئاماژەی بە گرنگی هۆشیاری تەندروستی کۆمەڵگە و پێویستی هەوڵی زیاتری کارمەندانی پزیشکی کرد، بە هاوکاری دەزگاکانی راگەیاندن و چالاکیە کۆمەڵایەتی جۆراوجۆرەکان، بۆ بەشداریکردن لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان. 


لەلای خۆیەوە وەزیری تەندروستی ستایشی گرنگیدانی سەرۆک کۆماری کرد بۆ پەرەپێدانی رەوشی تەندروستی عیراق و جەختی لە هەوڵەکانی وەزارەت کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزایی کارمەندانی تەندروستی و پزیشکی و کاراکردنی پەیوەندی و هاوکاری پزیشکی لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکانی تایبەتمەند لەم کەرتە گرنگەدا.