سەرۆک کۆمار پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکات
٥ی ئابی ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە حەمید غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران کرد و جەختی لە گرنگی بەگەڕخستنی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی ئاستی کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت کردەوە.
لە میانی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسی، ئابوری و خزمەتگوزارییەکانی وڵات کرا، هەروەها سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەگەڕخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ پەرەپێدانی ئاستی کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان و ئاسانکاری کردن لە راپەڕاندنی کارەکانیان.
لای خۆیەوە، ئەمینداری گشتی سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ بایەخدانی بە چەسپاندنی سەقامگیری لە وڵاتدا لەسەر هەموو ئاستەکان.
جەختیشی کردەوە، لە هەوڵدان بۆ دابینکردنی هەر ئامرازێک کە لە خزمەتی عیراق و گەلەکەیدا بێت.