د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازی لە وەفدێکی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.

لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 5-8- 2025،  لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە بارودۆخی ئێستای عیراق و ناوچەکە کرا، هەروەها گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا تاوتوێکرا.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستاندایە لەڕێگەی پابەندبوون بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بەدی دێت کە خزمەت بە سەقامگیریی عیراق و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی بنیاتنانەوە و پێشکەوتن بکات.

سەرۆک کۆمار تیشکیخستەسەر ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانەی کە لەم قۆناغە هەستیارەدا بە میدیاکان سپێردراون و داوای پابەندبوون بە پیشەیی و بابەتگەرایی کرد لە گواستنەوەی رووداوەکان و داڕشتنی بیروڕای گشتی و رێنماییەکان بۆ برەودان بە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی گوتارێکی عەقڵانی و هەستکردن بە هاووڵاتیبوون دوور لە بیری تەسک.

لای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدی مەکتەبی راگەیاندن و بیرو هۆشیاری سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ڕوونکردنەوە و تێبینییە بەنرخەکانی، هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ میدیای نیشتمانیی ئامانجدار و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی یەکێتی نیشتمانی دووپاتکردەوە.