سەرۆک کۆمار پێشوازی لە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات
سام
٥ی ئابی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە میانی دیدارەکەدا کە رۆژی سێشەممە 5-8-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە دوایین پێشهاتی سیاسی و ئەدای یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا و هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی بەجێگەیاندنی رۆڵی ئەنجومەن لە یەکلاکردنەوەی یاسا هەڵپەسێردراوەکان و پەلەکردن لە دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە پێداویستی و ویستی هاووڵاتیان بەدیدێنێت.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی کارکردن بە گیانێکی نەتەوەیی راستەقینە کە بەرژەوەندییەکانی عیراق لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی تر دابنێت و جەختیشیکردەوە لە گرنگی یەکخستنی یەکڕیزی نیشتمانی وەک دەروازەیەک بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست هاتوون لە بواری سیاسی و ئەمنیدا.
لای خۆیەوە مەندەلاوی پابەندبوونی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دووپاتکردەوە و ئاماژەیکرد بە گرنگی هاریکاری نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستا.