سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆکی پارتی تەقەدوم و وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار کۆبوەوە
١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە سەرۆکی پارتی تەقەدوم و وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار کرد
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بە ئامادەبوونی د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار پێشوازیکرد لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی تەقەدوم.
لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ لە بەغداد بەڕێوەچوو، رەوشی گشتی وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا و هاوکات جەختیشکرایەوە لەسەر گرنگی پاراستنی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرا بۆ سازکردنی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف کە ڕەنگدانەوەی ویستی عیراقییەکان بێت لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و پێویستی بەشداریی هەموو لایەک بۆ جێگیرکردنی رێڕەوی دیموکراسی لە وڵاتدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رۆڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری کرا لە پەرەپێدانی هۆشیاریی هەڵبژاردن لای هاووڵاتیان لە رێگەی چالاکی کۆمەڵایەتیەکان و سیمیناری رۆشنبیری.



