سەرۆک کۆمار بانگهێشتێکی رەسمی لە سەرۆکی میسرەوە پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی گەورەی میسر.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، نامەیەکی لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری عەرەبی میسرەوە پێگەیشت، کە تێیدا بانگهێشتی سەرۆک کۆمار کراوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی گەورەی میسر.
ئەمەش لە میانی پێشوازیکردنی بوو ئەحمەد سەمیر باڵیۆزی میسر لەعیراق، کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو.
سەرۆک کۆمار دەربارەی بانگهێشتنامەکەی عەبدولفەتاح سیسی پێزانین و سوپاسی خۆی دەربڕی و سڵاوی خۆی ئاراستەی سەرۆکی میسر کرد و هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی هەمیشەیی بۆ گەلی برای میسر خواست.
د.لەتیف رەشید جەختی لە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا و پتەوکردنی رێڕەوی هاوکاری لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی عیراق و میسر لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکان و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد، هەروەک ئاماژەی بە هەڵوێستی عیراق کرد کە پشتگیری لە گەلی فەلەستین دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و جەختی لە پێویستی کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییە کردەوە کە کەرتی غەززە رووبەڕووی دەبێتەوە و گرەنتی دابینکردنی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکانی بە پێویست زانی.
لەلای خۆیەوە، باڵیۆزی میسر دووپاتی خواستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پەرەپێدانی ئاسۆکانی هاوکاری و وەبەرهێنان و دروستکردنی هەلی کار و یەکپارچەیی ئابوری، بە شێوەیەک کە دەرفەتی زیاتری گەشەپێدانی بەردەوام بۆ بەرژەوەندی گەلانی عیراق و میسر بەدەست بهێنێت.